بۆ تەنیا دوای باران بیرمان دەکەوێتەوە ؟

بۆ تەنیا لەدوای باران بیرمان دەکەوێتەوە؟
ئەندازیاری شارستانی/ هاوڕاز محمد عبدالرحمن

لە سەرەتای درووستبوونمانەوە، بیرمان لە درووستکردنی شێڵتەرکردۆتەوە بە مەبەستی پاراستنمان. لەگەڵ ئەمەشداو دوای تێپەڕبوونی چەندین سەدە و بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیای مەواد لە بواری بیناسازیدا هێشتا مەترسییەکانی سرووشت و زیانگەیاندنی بە بیناکانمان لەسەر ماوە جا ئەم زیانانە بە ستراکچەرەکانمانبێت یاخو بە تەندرووستی دانیشتوانی بیناکانمان بێت.
ئەمەش هۆکارەکەی نەبوونی مەوادی باشی بنبڕکردنی ئاو نییە بەڵکو بەشێکی هۆکارەکەی ئاڵۆزبوونی ستراکچەرەکانە و گرنگی نەدانە بە پرانسیپە بنەڕەتییەکانی بنبڕکردنی مەترسیەکانی ئاوە و حسابنەکردنی ئەو مەترسیانەیە کە دوای تەواوبوونی پڕۆژەکانمان سەرهەڵدەدەن بە هۆی بوونی لیکی ئاو لە سەقف و واجیهە و زۆرجاریش لە حەمام و توالێتەکاندا ئەمانەش یان بە شێوازی لیک دەردەکەون یاخود بە درووستبوونی ڕتووبەت و تێکدانی فنشینی بیناکان یاخود درووست بوونی کەڕوو دەردەکەون
کۆنترۆڵکردنی مەترسیەکانی ئاوی ژێرزەوی و باراناو و ئاوی سەرزەوی بە شێوەیەکی درووست ڕێگاچارەیەکی بنەڕەتییە بەمەبەستی نەهێشتنی کولفەی دووبارە چاکردنەوەی بیناکانمان .
ئەنجامدانی چارەسەرکردن و بنبڕکردنی ئاو پێویستە لە لایەن  ستافی شارەزا و خاوەن ئەزموونەوە بکرێت و ڕێگری بکرێت لە بەکارهێنانی ئەو مەوادانەی کە بۆ چەندین ساڵە شکستیان هێناوە.
جگە لە کولفەی چاکردنەوەی بیناکان، درووستبوونی کەڕوو و زیانە تەندرووستیەکان کە بەهۆی لێچوون و ڕتووبەتەوە درووست دەبن هۆکارێکی دیكەیە کە وامان لێبکات بابەتی بنبڕکردنی لیکی ئاو لە بیناکانماندا بە هەند وەربگرین.
کاری بنبڕکردنی ئاو ستراکچەرەکان دەپارێزێت و تەمەنی مانەوەیان زیاد دەکات و ئەم هەنگاوەش خۆی دەبینێتەوە لە بەکارهێنانی تەکنیک و مەوادی تایبەت بۆ هەر مەبەستێکی تایبەت.
 لە بواری بنبڕکردنی ئاودا شتێک نییە کە بۆ هەموو مەبەستێک بەکاربێت بەڵکو هەر کێشەیەک  چارەسەرێکتی تایبەتی خۆی هەیە و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پێش ئەنجامدانی هەر کارێک دیتەیڵی تەواو بەردەسبخرێت و بنەماو بنچینە سەرەکییەکانی بنبڕکردنی لێچوونی ئاو لە بەرچاو بگیرێت.

بڵاوکراوەکان

کامێرای چاودێری